پێشنیار ده‌كرێت رەنگی شه‌قام و باڵەخانەکانی عێراق بگۆڕدرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

روانگەی سەوزی عێراق پێشنیار ده‌كات، به‌مه‌به‌ستى روبەرووبونەوەی پلەکانی گەرما، ره‌نگى شه‌قام و باڵه‌خانه‌كانى وڵاته‌كه‌ى بگۆڕدرێت.

روانگەی سەوزی عێراق، لایەنێكی فەرمییە تایبەت بە كاروباری ژینگە.

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێكى روانگەكه‌، یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما له‌ عێراقدا، رەنگی شەقام و باڵەخانەكانە، وەك رەش، سور و زەرد.

روانگەكە ئەوەی خستووه‌تەروو، هەندێك دەوڵەت پەنایان بردوە بۆ رەنگكردنی شەقام و رووكاری دەرەوەی باڵەخانەكانیان لە پێناو كەمكردنەوەی پلەكانی گەرما، بەو رەنگانەی كە پلەی گەرما كەمدەكەنەوە وەك سپی و شینی ئاسمانی، كە پێویستە عێراقیش پەنای بۆ ببات .

له‌ زانستى ده‌روونیشدا ره‌نگه‌كان به‌گشتى به‌سه‌ر دوو جۆر دابه‌شكراون، ره‌نگه‌ گه‌رمه‌كان سوور و زه‌رد و ره‌ش ده‌گرێته‌وه‌ و ره‌نگه‌ سارده‌كانیش بریتین له‌ سپی و شین و سه‌وز.

ئەم راگەیاندراوەی روانگەكە هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرمای حەوت پارێزگای باشوری وڵاتەكە كە پێشبینیدەكرێت لە چەند رۆژی داهاتودا لە 50 پلەی سیلیزی زیاتر بن، بە دیاریكراویش لە هەرسێ پارێزگای بەسرە، میسان و زیقار.