ئاوەکەی بلکیان خەریکە وشک دەبێت
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و راکێشانی ئاوەکە بە بۆری لەلایەن خاوەن باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی، خەریکە سەرچاوەی کانی بلیکان وشک دەکات، ئەمەش بەوتەی هاوڵاتییەکی قەزای پێنجوێن.
سەیرانگای بلکیان دەکەوێتە قەزای پێنجوێن، لە چەندین باخ و سەرچاوەیەکی ئاوی پێکهاتووە، کە دیارترینیان حەوزی بلکیانە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر روو لەو ناوچە گەشتیارییە دەکەن.
ئەحمەد ئیسماعیل، هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و بە 964-ی وت، سەرچاوەی کانیەکەی بلکیان هێندە کەمیکردووە، نزیکە لە وشکبوون، بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لەو باخ و زەوییە کشتوکاڵیانەی لەنزیک سەیرانگاکە هەن، بە بۆری ئاویان راکێشاوە بۆ باخەکانی خۆیان و ئاوی کانییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن سەبارەت بە کەمبونەوەی ئاوی بلکیان بە 964ی وت، “ئەو حەوز و کانیەی لە سەیرانگای بلکیان هەیە، تاپۆکەی بە ناوی کەسێکەوەیە و موڵکی حکومەت نیە، ئێمە ناتوانین هیچ رێکارێک ئەنجامبدەین سەبارەت بەوەی جوتیارەکان ئاویان لە کانییەکە راکێشاوە”.
قایمقامی پێنجوێن ئەوەشی وت، “ماوەی چەند ساڵێکە کە بە بۆری ئاوی لێ رادەکێشرێت و هیچ گرفتێکی نەبووە، بەڵام ئێمە لیژنەیەک رادەسپێرین بەهاوبەشی بەرێوەبەرایەتی ئاو و کشتوکاڵ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی