“فێرتان دەكەین چۆن خۆراكی سەلامەت بخۆن”

964+

کوردستان ئەحمەد

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ) بە هاوكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و تەندورستی عێراق، راهێنانێكی شەش رۆژی بۆ سەلامەتی خۆراك دەستپێكرد.

راهێنانەكە لە هەولێر دەكرێت، 16 بەشداربووی هەیە، شەش رۆژ بەردەوامدەبێت لە راهێنانەكەدا زانیاری لەبارەی ئاستی خۆراك و سەقامگیری و كوالێتی و سەلامەتی خۆراك باسدەكرێت.

ژاپۆن خەرجی راهێنانەكەی لە ئەستۆگرتووە.

راڤان محەمەد، یاریدەدەری بەرهەمهێنانی پڕۆژەكان لە نەتەوەیەكگرتوەكان بە 964ی وت، ئەم راهێنانە لەسەر کوالێتی و سەلامەتی بەرهەمە خۆراکییە ناوخۆییەکانە کە لەلایەن کارگە و خێزانە مامناوەند و بچووکەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن، ئامانج لێی دڵنیابوونە لە پابەندبوون بەو مەرجانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی رێکخستنی و سەلامەتی خۆراکەوە دانراون و بەرزکردنەوەی ستانداردی گشتی کاڵا بەرهەم هێنراوەکانی ناوخۆیە.

سەرەڕای ئەوەش، خولەکە گرنگی بە ئامادەکردنی راهێنەران دەدات کە بتوانن رێنمایی بەرهەمهێنەران بکەن لە بەرزکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانیان بۆ ئەوەی ستانداردەکانی کوالێتی و سەلامەتی بەرزتر بەدیبهێنن .

سەلامەتی خۆراك و بەرزكرنەوەی كوالێتی و ستاندەری لە بەرهەمدا ناوەڕۆكی تەواوی زانیاری و راهێنانەكانە، لەپێناو دەستگەیشتن بە خۆراكێكی سەلامەت.