بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی هەڵەبجە داوای بەهاناوە چوون دەکەن

+964

توانا نەقی – هەولێر

کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە داوای بەهاناوە چوون دەکەن، بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، کە بە وتەی خۆیان

ئێستا لە بارودۆخێکی تەندروستی ناجێگیردان و  زۆرینەیان پێویستییان بە چارەسەری خێرا هەیە، بەڵام پشتگوێخراون.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بە 964+ی وت: بارودۆخی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی زۆر خراپە، لە رووی چارەسەری،  پێداویستی پزیشکی و نەشتەرگەریيەوە و هیچ بەرپرسێکی حکومی نایەن بەدەم داواکانیانەوە.

لوقمان عەبدولقادر ئەوەشی وت؛ جگە لە حکومەت، گلەییان لە تەندروستی و ئیدارەی خۆجێی هەڵەبجە زۆرە، لەبەر ئەوەی ئەو میکانیزمەی بەرکەوتوانی پێ هەڵدەبژێردرێت بۆ چارەسەر “سەقەتە و دەستتێوەردانی تێدایە، بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت گاڵتەجاڕییە و دووبارە بوینەتەوە بە قوربانی”.

لە بارەی ناردنەدەرەوەی بەرکەوتوان بۆ چارەسەر، باسی لەوەکرد، ٥٣ بەرکەوتە لە کابینەی پێشوو ناویان دەرچوو بۆ چوونە دەرەوە تا ئیستاش نەنێردراون،” دوو ساڵە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دوو تیم دەهێنن لە رێگەی حیزبەوە نەک حکومەت، ئێمە سەرنجمان لە سەری هەیە، چونکە ٦٤ کەس دیاریکراون یەکێکیان خۆمم، تا ئێستا لیژنەکە نەیبینیوم”.  

964+؛ چەند جارێک پەیوەندی بە تەندروستی هەڵەبجەوە کرد لەسەر داواکاری بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، بەڵام وەڵام نەدرایەوە.

لە هەرێمی کوردستان، ٨٣٤ بەرکەوتە و برینداری چەکی کیمیاوی هەن، کە لەو ژمارەیە ٣٢٥ کەسیان دەکەونە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی.