چوار مانگ بەیەکەوە وەردەگرن

خوێندکارانی زانکۆیەکی دیکە بەم نزیکانە دەرماڵە وەردەگرن

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

لە چەند زانکۆیەک بڕیاردراوە دەرماڵەی چوار مانگی خوێندکاران بەسەریەکەوە دابەش بکرێت، زانکۆی دهۆک دەڵێن، هەموو ئامادەکاریەکانمان تەواو کردووە و چاوەڕێی پارە دەکەین.

مەروان فەندی، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە زانکۆی دهۆک بە 964ی وت، “ئێمە ناوی خوێندکارانمان بۆ هەریەکە لە مانگەکانی نۆ تا 12ی ساڵی 2022 ناردووە بۆ وەزارەت، چاوەڕێی پارەی دەرماڵەین، کە کۆی گشتی دوو ملیار و 800 ملیۆن دینارە”.

بەڕێوەبەری ژمێریاری زانکۆی دهۆک دەڵێت، “جگە لەو چوار مانگە بۆ مانگەکانی ساڵی 2023 ناوی خوێندکارانمان بۆ هەریەکە لە مانگەکانی یەک تا 31.5 ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی”.

تا ئێستا بە فەرمی دابەشکردنی دەرماڵە لە سێ زانکۆ راگەیەندراوە و ئەو پارەیەی دێت بۆ چوار مانگی ساڵی 2022 دەبێت، مەروان فەندی دەڵێت، “وەزارەت پێی وتوین بەم نزیکانە دەرماڵەی زانکۆی دهۆک دەدرێت”.

لە زانکۆی دهۆک 23 خوێندکار هەن، لەو ژمارەیەدا 16 هەزار خوێندکار لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە و حەوت هەزار خوێندکاریان لە ناوخۆی دهۆکن، بڕیارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار 60 هەزار دینار و ئەوانەی ناوخۆی شار 40 هەزار دینار وەردەگرن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی