زیاتر لە 24 کاتژمێرە دەسووتێت
ئاگرەکەی شارباژێڕ مین دەتەقێنێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
زیاتر لە 24 کاتژمێرە ئاگر لە دەشتی قەزای شارباژێڕی سلێمانی کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنترۆڵنەکراوە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ئێستا ئاگرەکە کەوتووەتە شوێنێکەوە مین دەتەقێنێتەوە.
964 تێگەیشتووە کە بەهۆی ئاگرەکەوە سەدان دۆنم زەوی و پووش و پاوان و داری سروشتی سنووری 10 گوند سووتاون.
شاهۆ عوسمان قایمقامی شارباژێڕ بە 964ـی وت، “بەشێکی زۆری ئاگرەکە دامرکاوەتەوە، بەڵام ئێستا لە ناوچەیەکدا خۆی دەخواتەوە کە پڕە لە مینی چێندراو”.
ئەو رەتیکردەوە زیانەکان بە دیاریکراوی رابگەیەنێت، وتی دواتر لێکۆڵینەوە دەکەن و ئامارەکان دەخەنەڕوو.
باسی لەوەکرد، حاڵی حازر تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
ئەم بەهار و سەرەتای هاوینەی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە زۆر بوون و هەزاران دۆنم دەغڵودانی جوتیاران سووتاوە.