دیمەنێک لە پاسپۆرتی عێراق _ وێنە: 964
پاسپۆرتی هەولێر: بەپەلە پاسپۆرتەکانتان ببەنەوە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر ئاگاداری هاوڵاتیان دەکات ئەوانەی لە نوسینگەی دووی پاسپۆرت و نوسینگەی کۆیە و سۆران مامەڵەیان کردووە، بچن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان.
ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر ئەو ئاگادارییەی بڵاوکردووەتەوە، ئەوەشی راگەیاندووە، بەمنزیکانە سیستمی پاسپۆرت دەبێتە ئەلیکترۆنی.
ئاگادارییەکە ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە لە نوسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر تا رێککەوتی 14.5.2023 مامەڵەیان کردووە، هەروەها لە نوسینگەی پاسپۆرتی سۆران تا 5.4.2023 و لە نوسینگەی کۆیە تا 1.5.2023 مامەڵەیان کردووە.
لە ئاگاداریەکەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر ئەوەش هاتووە، دەوامی پاسپۆرتی دووی هەولێر لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 6ی ئێوارەیە، لە نوسینگەی سۆران و کۆیە لە 8ی بەیانی دەوام تا 3ی ئێوارەیە.