شەش هێلكە دادەنێن و 20 ساڵ دەژین
وەرزی هێلكەدانانی نەورەسەكانە
+964
كوردستان ئەحمەد
وەرزی هێلكەدانانی نەورەسەكانە و لە دەربەندی رانیە و دووكان بە هەزاران دانە سەرقاڵی هێلانە دروستكردنن.
نەورەس باڵندەیەكی بچوكە، 43 جۆری هەیە، لە هەرێمی كوردستان شەش جۆری زۆربەناوبانگە، خوارنی سەرەكی پەنجە ماسییە، رەنگیان سپییە و سەرباڵیان رەساسییەو دەنووكێكی نیمچە پانی هەیە.
دكتۆر نزار محەمەد، پسپۆری باڵندەكان، بە 964ی وت، نەورەسەكان لە كوردستان كەشوهەوایەكی دروستیان هەیە، لە سەرەتای مانگی پێنجدا كۆدەبنەوە و هێلكە دادەنێن، بە شەش مانگ بێچوەكانیان لە هێلكە دەتروكێن.
لە كوردستان زیاتر لە دەربەندی رانیە و دەریاچەی دوكان بوونیان هەیە، لە هەر شوێنێك گۆمی وەستاو هەبێت دەتوانێت خۆراكی خۆی پەیدابكات، بەڵام ناتوانێت لە چەم و رووبارە بەخوڕەكاندا بژی، لەبەرە ئەوی ئەستەمە بە ئاسانی بتوانێت خۆراك بەدەستبهێنێت.
باڵەکانی نەورەس فراوانن و دەنوکیشی ئەستورە و چەماوەیە، پێیەکانی بە تەواوەتی دەرکەوتون و هاوشێوەی پێی مراوییەکانە، بەشەکانی تری جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە، رەنگەکەشی بە زۆری سپییە و تەنیا لەکاتی گۆڕانی وەرزەکان یاخود گەشەسەندندا دەکرێت هەست بە هەندێک گۆڕانکاری بکرێت لە رەنگیدا، درێژی جەستەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت بەڵام بە گشتی لە نێوان 28 – 81 سانتیمەتر دەبن، هەروەها قەبارەی نێرینەکان گەورەترە بە بەراورد بە مێینەکان.
جۆرە سەرەکییەکان
نەورەسی پەڕ ڕەساسی کاڵ
نەورەسی دەنووک چەماوە
نەوەرسی کلک ماسی
نەورەسی کلک پوازک
نەورەسی بەفر
نەورەسی ریسا
نەورەسەکان ئەگەر لە دۆخێكی لەباردابن دەتوانن 20 ساڵ بژین و هەر ساڵێكیش دەتوانن شەش بێچوو دروستبكەن.