"دەبێت رەنگی هەموویان خاكی بێت"

شارەوانی ئاكرێ رێگەنادات خانوەكان بە رەنگی جیاواز بۆباخ بكرێن

 زەید كۆچەر
یەكێك لە خاوەن خانوە كۆنەكانی ئاكرێ بۆیاخی خانوەكەی رەنگی سور كردووە، شارەوانی ئاكرێ دەڵێت دەبێت رەنگەكەی بگۆڕێت و هیچ خانویەكی دیكەش نابێت بەرەنگی دیكە خانوەكان بۆیاخ بكات.

لە ناو قەزای ئاكرێ نزیكەی 1500 خانوی كۆن هەیە

لە ناو قەزای ئاكرێ نزیكەی 1500 خانوی كۆن هەیە، كە دەكەونە گەڕەكەكانی چۆستە و گۆڕاڤا و بەشێكی زۆریان كۆنن و خەریكە لەناودەچن، یەكێك لە خاوەن خانوەكان، خانوەكەی بەرەنگی سور بۆیاخركردووە و شارەوانیش پێی وتووە، دەبێت بۆیاخەكە بگۆڕێت بۆ رەنگی خاكی، لەبەر ئەوەی دیمەنی شارەكەی تێكداوە.

مێژوی ئەو خانوانە دەگەڕێتەوە بۆ 1700 ساڵ پێش ئێستا

هیوا شەماڵ، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپوری ئاكرێ، بە 964ی وت، ئەم خانوە كۆنانە بونەتە هەوێنی جوانی شارەكە و خەڵكی لە سەرتاسەری عێراقەوە بەهۆی دیمەنی جوانی ئەو خانوانەوە سەردانی ئاكرێ دەكەن، خانوەكان تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ 1700 ساڵ پێش زاین و بەشێكن لە كلتوری شارەكە و دەبێت وەك خۆیان بپارێزرێن.

لە هەوڵدان بۆ ئەوەی رێكخراوە جیهانیەكانی بواری كەلەپور و  خانوەكۆنەكان بتوانن هاوكارییان بكەن لە نۆژەنكردنەوەی ئەو خانوانە و چارەسەر كردنی گرفتەكانی خاوەنەكانیان بۆ ئەوەی دەسكاری خانوەكان نەكەن، هیوا شەماڵ وای وت.

خانوەكان لەسەر یەك هەڵچنراون، دێرین و كۆن بە بەردی گەورە و قسڵ و چیمەنتۆ دروستكراون، سەقفیكی كۆن و ژووری بچكۆلانەیان هەیە.

خانوەكان بە قسڵ وبەردی گەورە دروستكراون

بڵند رەزا زوبێر، سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ بە 964ی وت، خۆمان رەنگی خاكی بۆ ئەو خاوەن ماڵە دەكڕین كە خانوەكەی بۆیاخ كردووە و دەبێت رەنگەكە وەك خۆی لێبكاتەوە.

بەپێی زانیاریەكانی 964 حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2011 تا ساڵی 2014 ساڵانە 250 ملیۆن دیناری تەرخاندەكرد بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو خانوە دێرینانەی كە لە شارەكەدا هەن  تا ئێستا مزگەوتی كۆنی ئاكرێ و 24 خانو نۆژەنكراونەتەوە بە شێوازە كۆنەكەی خۆیان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 250 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنكردنەوە تەرخاندەكرد

قەزای ئاكرێ یەكێكە لە كۆنترین قەزاكانی عێراق و بە یەكێك لە شوێنە گەشتیارییەكان لە كوردستان دادەنرێت و پێی دەوترێت پایتەختی نەورۆز، ساڵانە گەشتیارێكی زۆر سەردانی دەكەن، نزیكەی 120 كیلۆمەتر لە دهۆكەوە دورە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد