لە سلێمانی.. لەسەر دیارنەمانی منداڵێک خاوەن نۆرینگەیەک دەستگیردەکرێت

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لەسەر دیارنەمان و بێهۆش بوونی منداڵێکی شەش ساڵان یاریدەدەری پزیشکێکی لاکۆڵان دەستگیردەکرێت.

رووداوەکە کاتژمێر 6ـی ئێوارەی شەوی رابردوو روویداوە کاتێک ئەو منداڵە لە کۆڵانەکەیان لە گەڕەکی برایم ئەحمەد لە سلێمانی، دیار نامێنێت.

دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لە دیارنەمان و دۆزینەوەی بە بێهۆشی، باوکی منداڵەکە سکاڵا لەسەر یاردەدەرێکی پزیشکی لاکۆڵانی گەڕەکەکەیان تۆمار دەکات و بە گرتنی دەدات.

منداڵەکە کوڕە و تەمەنی شەش ساڵە، دراوسێی یاریدەدەرە پزیشکیەکەن و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەویێندراوە و لەژێر چاودێری دایە.

راپۆرتە پزیشکییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە دەستدرێژی سێکسی نەکراوەتەسەر، بەڵام ئاسایش باوەڕ بەو راپۆرتە ناکات و دەەوێت خۆیان پشتڕاستی بکەنەوە.

عەبدولسەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم رووداوەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و دەڵێت: خاوەن ئێستا منداڵەکە لە پشکنیندایە ئاخۆ بزانین دەستدرێژی کراوەتەسەر یاخود نا.

بەپێی زانیارییەکانی لە شایەتحاڵێکەوە بەردەست 964 کەوتووە، خاوەنی نۆرینگەکە و ماڵی باوکی منداڵەکە نزیکایەتیان هەیە و پێشتریش چەند جارێکی تر ئەو خاوەن نۆرینگەیە ئەو منداڵەی بانگ کردووە و بۆ ئەوەی شەربەتی پێبدات، بەڵام منداڵەکە بەهۆی سەرقاڵی بە یاریکردنەوە نەچووە بۆ لای.

بە قسەی شایەتحاڵێک کە قسەی بۆ 964 کردووە، سکاڵای باوکی لەسەر ئەوەیە کە گومانی لەوە هەبووە کوڕەکەی شوێنبزر بکەن بۆ مەبەستی پارە.