ناحیەی سێگردکان. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
بە چوار ملیار دینار رێگای سێگردکان بۆ دێگەڵە چاکدەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بە بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار، بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنەوە و بەیەکەوە بەستنی رێگای ناحیەی سێگردکان – دێگەڵە دانرا.
ماوەی 450 رۆژ دانراوە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، کارئاسانی بۆ گواستنەوەی بەرھەمی جووتیاران دەکات.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکەدا وتی، “بەتەواوبونی، ئەم پڕۆژەیە کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتیان دەکات… ئەوەی لە توانای وەزارەتماندا بێت درێغی ناکەین بۆ تەواوکردنی رێگا دوو سایدەکان”.
کۆی ئەو پارەیەی بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە چوار ملیار و 345 هەزار و 500 دینارە، بەپێی هەواڵێک کە فەیسبووکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڵاویکردووەتەوە.
ناحیەی سێگردكان یەكێكە لە ناحیەكانی پارێزگای هەولێر، سەر بە قەزای كۆیەیە و بە دووری 75 کیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێر.
ئێستا رێگەیەکی لاوەکی لەنێوان ناحیەی سێگردکان بۆ دێگەڵە هەیە و درێژییەکەی نزیکەی 65 کیلۆمەترە.