"هەرێم بوودجەیەکی تایبەتی هەیە"

قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی رژێمی بەعس هەرێم ناگرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بڕی 250 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس تەرخانکراوە. دەستەی داواکانی موڵکداری هەرێم دەڵێت، “وەک هەرێم سوود لەو پارەیە وەرناگرین”.

دابینکردنی ئەو پارەیە بە رەزامەندی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.

“وەزیری دارایی نووسراوی رەزامەندی واژۆ کردووە و پارەکە تەرخان دەکرێت”، ئەمە وتەی بەدریە ئیسماعیل، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ 964.

لە هەرێمی کوردستان دەستەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس هەیە و ساڵی 2003 دامەزراوە و بوودجەیەکی تایبەتی لە حکومەتی عێراقەوە هەیە.

تارا ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی داواکانی موڵکدرای لە هەرێم بە 964ی وت، “ئەو پارەیە پەیوەندی بە هەرێمەوە نییە و ئێمە بەپێی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی قەرەبووکردنەوە بودجەمان لە بەغداوە بۆ دابیندەکرێت”.

بە پێی ئامارەکانی دەستەکە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 هەزار داواکاری قەرەبووکردنەوە هەیە و تا ئێستاش نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتی قەرەبوو کراونەتەوە.

ئەو کەسانەی قەرەبووەکە دەیانگرێتەوە دەبێت موڵکەکانیان لەنێوان ساڵانی 1986 تا 1991  دەستیان بەسەرداگیرابێت.