بازگە سوتاوەکەی سەیدسادق مەترسی رووخانی لەسەرە

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ئەو بازگەیەی ئاسایش کە دوو رووداوی ھاتووچۆ تیایدا روویدا، بەھۆی نۆژەننەکردنەوەی کەپری بازگەکە ژەنگی گرتووە و قایمقامی سەیدسادق دەڵێت “ھەستمان بە مەترسی رووخانی کردووە”.

بازگەکە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی سلێمانی بۆ سەیدسادق بە دووری 38 کیلۆمەتر، رێگە و دەروازەی نێودەوڵەتیشی لەسەرە، لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستکراو و رادەستی دەزگای ئاسایشی ھەرێم کرابوو، تا وەک خاڵی پشکنین بەکاربھێنرێت.

پرۆژەکە لە قۆناغی کۆتایی بوو، کاتێک رۆژی 17.11.2022 تانکەرێکی نەوت لەنێو بازگەکەدا تووشی رووداوی ھاتووچۆ بوو، لەئەنجامی خۆکێشانی بە ژمارەیەک ئۆتۆمبیل ھاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا، ھەروەھا رۆژی 30.11.2022 لەئەنجامی “مقەست” کردن و ئاگرگرتنی تانکەرێکی نەوت بەشێکی بازگەکە و دوو ئۆتۆمبیل بە تەواوی سووتان.

دوای تێپەربوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەم رووداوانەدا، بازگەکە وەک خۆی بەئاسەواری سوتاوی جێھێڵدراوە، بەھۆیەوە بەشێکی کەپری بازگەکە ژەنگی گرتووە. جگە لەمەترسی رووخانی چوار پایەش زیانیان بەرکەوتووە.

ئەمرۆ شەممە 20.5.2023 رەزا محەمەد، قایمقامی سەیدسادق بە 964ی وت، “ھەستمان بە مەترسی رووخانی کردووە و نوسراومان بۆ دەزگای ئاسایش و پارێزگای سلێمانی کردووە، تا ھەرچی زووە بەشی سوتاوی سەرەوەی کەپری بازگەکە لاببرێت و نۆژەنبکرێتەوە”.

قایمقامی سەیدسادق دەڵێت، بازگەکە سیمایەکی ناشرینی داوە بە دەروازەی قەزاکە، بەوپێیەی پرۆژەکە رادەستی ئاسایش کراوە دەبێت ئەوان ئەرکی نۆژەنکردنەوەی لەئەستۆ بگرن، رەنگە ئەوانیش کێشەی پارەیان ھەبێت کە ھەتا ئێستا نەھاتوون بە دەم نۆژەنکردنەوەی.

964 دەزانێت، کەیسی سوتانی بازگەکە ھێشتا لە دادگایە، لەگەڵ ئەوەی شۆفێری تانکەری نەوتەکە بەرەگەز ئێرانییە و سەیارەکەشی بەتەواوی سوتاوە، تائێستا دادگا ھیچ بڕیارێکی نەداوە، رەزا محەمەد وتی، ” پێم وانیە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی بخرێتە سەر شۆفێرەکە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی