مروری بەغدا سوود لە ئەزموونی هەولێر دەبینێت
964+
كوردستان ئەحمەد
شاندێك لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی بەغدا سەردانی هەولێری كردووە و دەیەوێت سوود لە ئەزموونی هاتوچۆی شارەکە وەربگرێت.
ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆ، راوێژكاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری هاتوچۆ و ئەفسەران و پلە باڵاكانی عێراق سەردانی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێریان كرد، ئامانجیان لە سەردانەكە ئەوەبووە ئەزموونەكانی كاری هاتوچۆی شارەکە ببینن و بۆ لای خۆیانی بگوازنەوە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە تۆڕی 964ی وت، “وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرسامە بە كارەكانی ئێمە و زۆر سوپاسگوزارمان بوون كە توانیومانە بە باشی ئەنجامیان بدەین”.
شاندەكە لەگەڵ ئەوەی سەردانی باڵەخانەی هاتوچۆی هەولێریان كرد، سەردانێكی مەیدانییان بۆ جادە و بانەکانی شارەکەش کرد.
شاندەكە لەگەڵ ئەو تیمەی كە هێڵكاری بۆ شەقامەكانی هەلێر دەكات، كۆبوونەوە و لە نزیكەوە سەیریان كرد چۆن رێگاكان هێڵكاریی دەکرێن و رێكدەخرێنەوە.
فازڵ حاجی وتیشی، بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە لە شارەکانی عێراق پەیڕەو بکەن، هاتوونەتە بەڕێوبەرایەتییەكەیان و ئەمانیش بەڵگەكانیان بە دۆكیۆمێنت نیشانداوە.
شاندەكەی عێراق دوو رۆژ لە هەرێمی كوردستان دەبێت و لە هەولێر دەمێنێتەوە، بڕیارە سەردانی چەند شوێنێكی دیکەش بکەن.