یەکێتی مامۆستایان داوادەکەن بە زووترین کات کۆنگرە ببەستن
964+
ئاودێر عومەر- سلێمانی
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنییەوە، بەیاننامەیەکی حەوت خاڵی بڵاودەکاتەوە و داوادەکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایان دەست پێبکاتەوە و چیتر دوانەخرێت و کۆنگرەش ئەنجامبدرێت.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە 964ی راگەیاند، یەکێتی ماموستایان بەبۆنەی ساڵیادی دەمەزراندنیەوە پیرۆزبایی لە تەواوی مامۆستایانی قوتابخانە و باخچە و زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات.
ھەروەھا سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داواکاریی سەرجەم مامۆستایان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکات داواکارییەکانیش پێکهاتووە لەمانە:
1- ھەموو لایەنە سیاسییەکان بەجدی کاربکەن بۆ کۆتایی ھێنان بە ھەموو کێشە و ململانێی نا پێویست لەبەرئەوەی رستەیەک ھەیە دەبێت وەکو خۆی لەبەرچاو بگیرێت کە بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لە سەروو ھەموو شتێکەوەیە.
2- حکومەتی ھەرێم ھەوڵەکانی زیاتر بکات پەروەردە و خوێندنی باڵا بکاتە پێشەنگی کار و بەرنامەکانی، ھەروەھا بودجەی پێویستیشی بۆ بڕەخسێنێت بەکرداریش ئەم درووشمە جیھانییە ( با وەبەرھێنان لەفێرکردنێکی باش و کوالێت بەرزبکرێت) جێبەجێ بکات.
3- پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایان کە پێدراوێکی یاساییە دەست پێبکاتەوە و چیتر و بەھیچ بیانوویەک دوانەخرێت.
4- ھەژماری بانکی بۆ مامۆستایان بکرێتەوە و ئەو پاشەکەوت و لێبڕینانەی کراوە تێیدا دابنرێت، دواجاریش کاربکرێت بۆئەوەی سوودی لێ ببینرێت.
5- یاسای ژمارە(9)ی ساڵی (2014)ی، یەکگرتووی تایبەت بەخانەنشینان جێبەجێ بکرێت، بۆئەوەی تەواوی ئەو بەڕێزانەی کە بەھاری تەمەنی خۆیان بە پەروەردە و فێرکردنەوە بەخشیووە لێیەوە بەھرەمەندبن.
6- کۆتایی بە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بھێنرێت، بە دامەزراندنی فەرمی یان گرێبەست، نابێت ھیچ بیانوویەک بدۆزرێتەوە بۆ دواخستی ئەو چارەسەرە زۆر پێویستە.
7- بەزووترین کات ھەڵبژاردن و کۆنگرەی مامۆستایان ئەنجام بدرێت، ھەروەک بڕیاری لێدراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی