تاوه‌رى چاودێریكردن له‌ سنوورى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران داده‌ندرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنوور، له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، تاوه‌رى چاودێریكردنى سنووره‌كان داده‌نێن و ده‌ڵێن مه‌به‌ستیان رێگریکردنه‌ له‌ كارى قاچاخى و كاره‌ نایاساییه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوولادا.

هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنوور له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا کردنەوەی رێگا و دانانی تاوەری چاودێری راگه‌یاند و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لە ژێر راسپاردەی فەرماندەیی و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەی ناوچەی یەکی سنوور، کارکردن بەردەوامە لە کردنەوەی رێگا و دانانی تاوەری چاودێری (برج المراقبه‌) لە سنووری کاری فەوجی سێى لیوای 21 لە هێڵی سنووری نێوان عێراق و ئێراندا .

عه‌قید كاروان خۆشناو، وته‌بێژى هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنوور به‌ 964ـى راگه‌یاند، ده‌ستكراوه‌ به‌ دانانى تاوه‌رى چاودێریكردن و له‌ یه‌كه‌م قۆناغیشدا له‌ سنوورى ناحیه‌ى قۆره‌تووى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى گه‌رمیان دانراوه‌، وتیشی “شوێنى دانانى ئه‌و تاوه‌رانه‌ له‌ خاڵى سفری سنوورى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامی ئێرانه‌”.

خۆشناو، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه،‌ مەبەست له‌ كردنه‌وه‌ى رێگا و جێگیركردنى تاوه‌ره‌كانى چاودێری، بۆ رێگریکردنه‌ لە دیاردەی قاچاخ و دزەکردنی نایاسایی نێوان هەردوو وڵاتدا .