چۆلەکەیەک چێشتخانەیەکی لە دهۆک داخست

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

هاوڵاتییەک لە دهۆک داوای پیتزای لە خواردنگەیەک دەکات، کەچی لە سوبەکەیدا چۆلەکەکی مرداربووی تێدا بوو.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پۆلیس، شەوی رابردوو ژمارەیەک چۆلەکە کاتێک بەسەر یەکێک لە چێشتخانەکانی دهۆک دەفڕن، دوو چۆلەکەیان دەکەونە خوارەوە و دەکەونە ناو مەنجەڵی سوبی قەلی چێشتخانەکە کە لەو دەمە سەرە مەنجەڵەکەی لەسەری هەڵگیرا بوو.

میلەت زکری، سەرۆکی لیژنەی چاودێری بازرگانی قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆک بە 964ـی وت “کاتژمێر 3ـی شەوی رابردوو کەسێک تەلەفۆنی بۆ کردم و دەڵێت پیتزایەک و سوبێکی قەلی لە چێشتخانەیەکی دهۆک بە دیلیڤەری داوا کردووە، لەکاتی کردنەوەی خواردنەکە چۆلەکەیەکی مرداربووی لەناو سوبی بینیوە، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکوڵینەوە کرد لەسەر رووداوەکە هەر ئەو شەو بە مەیدانی سەرەدانی چێشتخانەکەمان کرد”.

“دوای لێکوڵینەوە دەرکەوتووە چۆلەکە لە ئاسمانەوە فڕیوە و کەوتووەتە ناو سوبی قەل، دوای ئەوەی سوبەکە لەگەڵ پیتزایەک بۆ هاوڵاتیەکە دەبن، ئەویش  وادەزانێت ئەوە باینجانە کەوتووەتە ناو سوبەکە، بەڵام دەرکەتووە کە چۆلەکەیە نەک باینجان”. میلەت زکری وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیاردرا چێشتخانەکە بە بڕێک پارە سزا بدرێت و بۆ چەند رۆژێکیش دابخرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق