هاوڵاتیان دەتوانن یارمەتی لە فەرمانگەی ژینگە وەربگرن

لە هەڵەبجە رێنمایی دەدرێتە ئەو کەسانەی درەختەکانیان هەڵدەپاچن

شۆڕش قادری

وەرزی پاییزە و هاوڵاتیان دەستیان بە هەڵپاچینی درەختەکانیان کردووە، بۆیە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بەردەوام رێنمایی دەداتە ئەو کەسانەی هەڵپاچین بۆ درەختەکانیان دەکەن.

سەرهەنگ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە بە 964ـی وت، “لیژنەی پشکنین و بەدواداچوونمان سەردانی چەند درەختێکی کرد لە بەردەم ماڵێکدا کە کاری هەڵپاچینیان بۆ کرابوو بەمەبەستی ئاگادار بوون لە کرداری هەڵپاچینەکە لەڕووی زانستییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەرەختەکان بەشێوەیەکی زۆر خراپ و نازانستیانە کاری هەڵپاچینی بۆ کرابوو و لیژنەکە رێنمایی بە خاوەن ماڵەکە دا.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە وتیشی، لیژنەکانیان بەردەوام لەناو هەڵەبجە و دەورووبەری دەگەرێن و ئەگەر حاڵەتێکی داربڕین بەدی بکەن، سکاڵای یاسایی لەسەر کەسەکە تۆمار دەکەن و رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.