شه‌ش گوندی ناحیه‌ى ئه‌تروش بێ کارەبای نیشتمانین

964+
عەمار عەزیز – دهۆک

تا ئێستا تۆڕی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی نەگەیشتووەتە شه‌ش گوندى سنووری ناحیەی ئەتروشى سەر بە قەزای شێخان، به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى كاره‌باش ده‌ڵێت ” هەرکات پارەمان هه‌بێت بۆیان دابین ده‌كه‌ین”.

لە سنووری قەزای شێخان نزیکەی 42 هەزار به‌شداربووی کارەبا هەن، هەریەک لە گوندەکانی بنگەلی، بیستانا محەمەد ساڵح، دەحلێنەی، هەسنەکا، کەڤنە گەلی و خورت، کارەبای نیشتمانیان نییە.

ئەندازیار نافیع مستەفا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبا لە قەزای شێخان بە 964ـی وت، “ئەو شەش گوندە دوورن لە سەنتەری ناحیە و تؤڕی دابەشکردنی کارەبا، بۆیه‌ پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆرە تا بتوانین کارەبایان بۆ دابین بکەین “.

وتیشی “گەیاندنی کارەبا بۆ ئەو شەش گوندە لە پلانی ئێمەدایە، هەرکاتێک بڕە پارەیەک دابین کرا، بە دڵنیایەوە تۆڕی دابەشکردنی کارەبا دەگەیەنینە ئەو گوندانە”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، دانیشتووانی ئەو گوندانە لە وەرزی هاویندا دەچنە ناو باخ و زەوییەکانیان، زیاتر پشت بە کارەبای مۆلیده‌ی بچووک دەبەستن.

ئەتروش، یه‌كێك له‌ کۆنترین ناحیەكانى سنوورى قەزای شێخانه‌، ساڵی 1878 كراوەتە ناحیە، لە81 گوند پێکهاتووە، لەم ژمارەیە 65 گوند ئاوەدانن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا