ئەمساڵ 25 هەزار کەس چوون بۆ عەمرە

تا 19ـیەمین رۆژی رەمەزان پێنج هەزار هاوڵاتی عەمریان کردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ماوەی 19 رۆژی مانگی رەمەزاندا، زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەجێگەیاندنی عەمرە چوونەتە وڵاتی سعودیە.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی کوردستان بە 964ی راگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی تێچووی عەمرە و ئاسانکارییەکانی وڵاتی سعودیە، ژمارەی عەمرەکاران زیادیکردووە و تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 25 هەزار کەس.

“تەنیا لە رەمەزاندا زیاتر لە 5 هەزار کەس سەردانی سعودیەیان کردووە بۆ بەجێگەیاندنی عەمرە”، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرە وای وت.

بە وتەی کاروان ستوونی، لە هەرێمی کوردستان ئاسانکاری کراوە بۆ دانانی کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە و نرخی گەشتەکان بۆ بەجێگەیاندنی عەمرە بۆ ئەمساڵ نزیکەی 600 دۆلار کەمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

“ئەمساڵ گەشتی عەمرە لە مانگی رەمەزاندا بە بەهای یەک هەزار تاوەکو 1200 دۆلارە، بەڵام ساڵانی رابردوو نرخەکەی دەگەیشتە 1700 دۆلار،” کاروان ستوونی بە 964ی راگەیاند.