ئێوارەیەکی رەمەزان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە

964+
هونەر فارس – گەرمیان

محەمەد حسێن ئەفسەرێکی لیوای 731ی هێزی پێشمەرگەیە، لەگەڵ بەجێگەیاندنی ئەرکە سەربازییەکەیدا، ئەرکە ئاینیەکەشی لەبیر نەکردووە.

بەهۆی نزیکیان لەگەڵ چەکدارانی داعش، هەمیشە لە ئامادەباشیدان. بەدرێژایی رۆژەکە و بە تایبەتیش ئێواران پێش بەربانگ، لەرێگەی دووربینەوە ئەو بۆشاییە ئەمنیانە دەپشکنن کە گومانی جموجوڵی داعشی لێدەکرێت.

داعش هێشتا لەم سنورە لە جموجوڵ نەکەوتووە.

تا لە پشکنین و چاودێری سنورەکە دەگەڕێنەوە، یەکێک لە پێشمەرگەکان خواردن ئامادە دەکات، خواردنی ئەم ئێوارەیەشیان مریشک و کولەکە و برنجە.

یەکێک لە پێشمەرگەکان دەچێتە سەر بەرزاییەک و “دەنگی ئەڵاهوئەکبەر” بەرز دەبێتەوە، هەمووان رۆژوو دەشکێنن و پاش نوێژی جەماعەت دەست بە نانخواردن دەکەن.

پێشمەرگەکان لێرە زۆر دەستیان بە یەکەوەیە و ئاگایان لە یەکترە، دوژمنێکی هاوبەش هەیە هەموویان چاویان لە جموجۆڵەکانیەتی

لەم سنورە ناوە ناوە چەکدارانی داعش جموجوڵیان هەیە، پێشمەرگەکان لە شوێنێکی ناڕەحەت و لەکارێکی قورسدان، بەڵام ئەمە لە نوێژ و رۆژوو و ئەرکە ئایینیەکەی خۆیان دوای نەخستوون.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر