دوو رۆژ بوو کێشەی هەبوو

پسووله‌ی خۆراک له‌ هه‌ولێر كارا كرایه‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر رایگه‌یاند، ئێستا بەرنامەی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارا کرایەوە، کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەهۆی (هۆکارێکی تەکنیکی لە سیستمەکە) کۆد بۆ مۆبایلەکانتان نەدەهاتەوە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ له‌ ئاگادارییه‌كدا له‌ سۆشیال میدیای خۆی رایگەیاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23.11.2026 بڵاویكرده‌وه‌، ئێستا هیچ کێشەیەک لە سیستمەکەدا نییە و دەتوانن مامەڵەکانتان پێشکەش بکەن.

پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ رایگه‌یاندبوو، هاوسه‌رانی نوێ ده‌توانن مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی پسووله‌ی خۆراک پێشكه‌ش بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی منداڵی تازه‌یان ‌له‌دایكبووه‌، ده‌توانن له‌ فۆڕمه‌كه‌یان زیادی بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی فۆڕمیش هه‌یه‌ و هاوڵاتیان ده‌توانن فۆڕمه‌كانیان له‌ شوێنێک بۆ شوێنێكی دیكه‌ بگوازنه‌وه‌.

پسوولەی خۆراک (فۆڕمی بایەعی) سیستمێکی دابەشکردنی خۆراکی پاڵپشتیکراوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسولەی خۆراک سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەڕێوە دەبرێت.