"فێری سەرەگرتن بووین"
جیاکردنەوەی شوێنی دابەشکردنی غازی ماڵان لە ئۆتۆمبێل کۆتایی بە سەرە نەهێنا
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
هەرچەندە شوێنی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی جیاکراوەتەوە، بەڵام سەرەی وەرگرتنی غازە دوور درێژە و هاوڵاتیان دەبێ چەند سەعاتێک لە نۆرەدا بمێننەوە تا بوتڵێکیان بۆ پڕ بکرێتەوە.
پەیامنێری 964 چووەتە بەردەم بەنزیخانەی بینایی و خەڵکێکی زۆر لە سەرەدا وەستاون، هاوڵاتییەک دەڵێت، “فێری سەرەگەرتن بووین و فێریان کردووین کە هەموو شتێکمان بەسەرە دەستکەوێ، دوکانم داخستووە و هاتووم بۆ سەرەی غاز”.
عومەر عەبدوڵا سەرۆکی لیژنەی غاز لە قایمقامیەتی سلێمانی لەڕێی 964ـەوە داوای لە هاوڵاتیان کرد، بەیانیان زوو نەچنە بەنزینخانەکان، چونکە لە کاتژمێر 9 بەدواوە غاز دابەش دەکرێت.
دوێنێ قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا شوێنی دابەشکردنی غازی ئۆتۆمبێل لە غازی ماڵان جیابکرێتەوە.
ئەو وێستگانەی تەنها غاز بۆ ئۆتۆمبێل دابین دەکەن ژمارەیان چوار وێستگەیە؛
وێستگەی دۆڵەڕووت
وێستگەی هەڵەبجە – تانجەرۆ
وێستگەی کانی گۆران
وێستگەی شا
ئەو وێستگەکان تەنها غازی ماڵان (بوتڵ) دابین دەکەن ژمارەیان حەوت وێستگەیە؛
وێستگەی سەردەم
وێستگەی بینایی
وێستگەی برایەتی 1
وێستگەی برایەتی 2
وێستگەی کوردستان
وێستگەی فامیلی
وێستگەی قەیوان یەک
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری