كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و چی بوو؟

حیزبوڵڵای عێراق جێبەجێکردنی بڕیاری گۆڕینی هێزەكانی له‌ جورف سه‌خه‌ڕ ره‌تده‌كاته‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

چوارچێوەی هەماهەنگی، كه‌ هێز و لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی عێراق له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مشه‌و دووشه‌ممه‌ 16.11.2026 لە نووسینگەی ھومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 301ی خۆیان ئه‌نجام دا و سەرۆکوەزیرانی عێراق عه‌لی زه‌یدییش ئاماده‌بوو.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ 964، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆیان له‌ باره‌ی ره‌وشی ئابووری و بودجه‌، بارودۆخی ئه‌منی و پێشهاته‌كانی دۆسیه‌ی جورف سه‌خه‌ڕ كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ هه‌واڵ له‌ عێراق، كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌بێ ئه‌نجام بووه‌ و جۆرێک له‌ گرژی و ده‌مه‌قاڵی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دروست بووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی جوولاندنی هێز به‌ره‌و ناوچه‌ی جورف سه‌خه‌ر.

هاوكات ته‌له‌ڤزیۆنی سکای نیوز عەرەبی بڵاویكرده‌وه‌، کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق جێبەجێکردنی بڕیاری گۆڕینی ئەو هێزە رەتدەکاتەوە، کە ناوچەی جورف سەخه‌ڕی بەدەستەوەیە.

دۆسیه‌ی جورف سه‌خه‌ڕ لە 9ی ئەم مانگە بە بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆ سەریهەڵدا، کە باس لە كونكردنی بۆری نەوتی جورف سەخڕ له‌ پارێزگای بابل و گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تانکەرەکانەوە ده‌كات، ئه‌مه‌ش بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد کە لە ساڵی 2021 تا 2026 وه‌رگیراوه‌، شەممەی رابردووش عه‌لی زەیدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیاری دا تۆمەتبارەکان رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری بکات و نۆ بەرپرسی ئیداری و ئه‌منی لە بابل له‌سه‌ركار لادا، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان قاچاخچیه‌تیی ئه‌وانی پشتڕاستکردەوە.

ئێستاش دۆسیه‌ی جورف سه‌خه‌ڕ بووه‌ته‌ چه‌قی ململانێی نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و هه‌ندێک له‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كان، به‌ تایبه‌تی زه‌یدی داوا ده‌كات ئه‌و هێزانه‌ی حزبوڵا كه‌ له‌و شوێنه‌ن، چۆڵی بكه‌ن و شوێنه‌كه‌ راده‌ستی هێزه‌ فه‌رمییه‌ عێراقییه‌كان بكه‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش هێز به‌ره‌و ناوچه‌كه‌ چوون، به‌ڵام هه‌ندێک له‌ لایه‌ن شیعییه‌كانی ناو چوارچێوه‌، به‌م رێككاره‌ رازیی نین و پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ سه‌ر ده‌كێشێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و شه‌ڕ و ئاڵۆزی.