وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ 964:

“بۆ باشبوونەوەی کارەبا چاوەڕێی غازین؛ لە هەندێک شوێن زیاد لە 8 کاتژمێر کارەبا هەیە”

کوردستان جەلال

وەزارەتی کارەبای هەرێم چاوەڕوانی غازە و دەڵێت بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا ئامادەین.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، “هیچ کاتێک بۆ ئاساییبوونەوەی کارەبا دیارینەکراوە، بەڵام ئێمە هەموو ستاف و پێویستییەکانمان ئامادەیە و چاوەڕێی غازین، سەرچاوەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا سنووردارن و وەکو غاز نین”.

لەبارەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان، ئومێد ئەحمەد وتی، “لە هەندێک شوێن گەیشتووەتە سەرووی 8 کاتژمێر بەتایبەت رۆژانی پشوو کە لۆدی حکومی نییە”.

“دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر لەماوەی 48 کاتژمێردا توانیمان بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەزار مێگاواتەوە بگەیەنینە نزیکەی هەزار و 650 مێگاوات”، ئومێد ئەحمەد وادەڵێت.

دوێنێ کۆمپانیای دانا غاز وتی، “زیانی گەورە بە کیڵگەی کۆرمۆر گەیشتووە و ئێستا ناتوانرێت هیچ بڕە غازێک بەرهەمبهێندرێت”.

نزیکەی کاتژمێر 11ـی شەوی  8/11/2026، هێرشی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکرد بەوپێیەی وەک بەرپرسانی کارەبا دەڵێن، 80%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم پشت بە غاز دەبەستێت.

بەوهۆیەوە هاوڵاتیانی هەرێم بێ کارەبا بوون و جارێکی دیکە مۆلیدە ئەهلییەکان کەوتنەوە کار.