لەکاتی پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان

لەتە بلۆک و شتی سەیر لەناو مەنهۆڵەکانی چەمچەماڵ دەرهێنرا

شۆرش قادری

بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو، لە چەمچەماڵ ئاوەڕۆکان پاک دەکرێنەوە و لەکاتی خاوێنکردنەوەیان، تیمەکان لەتە بلۆک و شتی سەیر سەیر لەناو مەنهۆڵەکان دەردەهێننەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەم ڤیدیۆیەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان و باشترکردنی کارایی سیستەمی ئاوەڕۆ و رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو، تیمەکانی شارەوانی چەمچەماڵ بەردەوامن لە هەڵمەتی کردنەوە و پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان و لابردنی بەربەست و زیادەڕەوییەکان.

لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، تیمەکانی شارەوانی توانیویانە ژمارەیەکی زۆر لە مەنهۆڵەکان بکەنەوە و پاکیان بکەنەوە، هەروەها ئەو بەربەستانە لاببەن کە رێگربوون لە رۆیشتنی ئاوەڕۆ.

شارەوانی چەمچەماڵ داوا لە هاوڵاتیانی سنوورەکە دەکات، هاوکاریان بن لە پاکوخاوێنی مەنهۆڵەکانی ناو کۆڵان و گەڕەکەکان و هیچ جۆرە پاشماوەیەک نەخەنە ناویان، چونکە دواتر مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان دروست دەکات.