چەند سەرچاوەیەک خۆجێیی:

تەقوتۆقی لای مەریوان بۆردومانی سوپا بووە

ئەحمەد مستەفا

لە سنووری شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەقوتۆقی ناو بەناو هەبووە، ئەمە لە بەیانی دوێنێ چوارشەممەوە، بۆ خەڵکی خۆجێیی سەرەتا روون نەبووە، تا دەرکەوت پێکدادان و دواتر بۆردومان کراوە.

964 سۆراغی بابەتەکەی کرد لای ژمارەیەک رێکخراوی مافی مرۆڤ، بە پشت بەستن بە زانیاری خەڵکی خۆجێیی ئەو زانیارییانە ئاشکرا بووە، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هیچ راگەیەندراوێک نییە تائێستا.

بۆرودمانەکان لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری بووە، ئەو ناوچەیە هێزەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان “یەرەکە”ی لێیە، دەوترێ لەگەڵ هێزێکی سوپای پاسداران بەشەڕ هاتوون و دواتر سوپا بۆردومانی کردوون.

بۆردومانەکە زیاتر ناوچەکانی گوندی قامیشەڵە، گاگلی و هەنارەشێخانی لە سنووری مەریوان گرتووەتەوە، هێرشەکان چەندین کاتژمێر و ناو بەناو درێژەیان کێشاوە.