کۆڕەک تیلیكۆم
بڕیارێكی دادوهری له بهغدا دهرچوو
“کۆڕەک تیلیكۆم ناچار دەکرێت قهرزهكانی بداتهوه”
ئهرسهلان عهبدوڵا
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، دەرچوونی بڕیارێکی دادوەریی لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا – رەسافە بە سیفەتی پێداچوونەوە راگەیاند، کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە سەرەتاییەی داوە، کە لەلایەن دادگای بەرایی رەسافەوە دەرچووبوو، سەبارەت بە پابەندکردنی دەستەکە بە مەرجەکانی گرێبەستی رێککەوتنی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، ئەمەش بە واتای ناچارکردنی کۆمپانیای کۆڕەکە بە دانەوەی ئەو قەرزە داراییانەی لە ئەستۆیدایە بۆ سوودی دەستەکە، بەپێی رێکارە یاسایی و رێکخراوەییە پەسەندکراوەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 10.11.2026 لە راگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندنی دەستەکەدا، هاتووە: “بڕیارێکی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوەی بەغدا -رەسافە بە سیفەتی پێداچوونەوە دەرچووە، کە دەقی بڕیارەکە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی حوکمە سەرەتاییەکەی دادگای بەرایی رەسافە، سەبارەت بە ناچارکردنی دەستەکە بە پابەندبوون بە مەرجەکانی گرێبەستی رێککەوتنی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم”.
بەپێی راگەیەندراوەکەی دەستەکە، “بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئەواندا هاتووە لەو تانەیەی کە لە دژی حوکمە سەرەتاییەکە پێشکەشیان کردبوو”، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە “فەرمانگەی یاسایی لە دەستەکە پێیوایە هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە بەو واتایەیە، کە کۆمپانیای کۆڕەک چیتر ناتوانێت پشت بە حوکمە سەرەتاییە هەڵوەشێنراوەکە ببەستێت، بۆ ناچارکردنی دەستەکە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، لەسەر بنەمای ئەم بڕیارەش کۆمپانیای کۆڕەک پابەندە بە پێدانی ئەو قەرزە داراییانەی لە ئەستۆیدایە بۆ ئەم دەستەیە، بەپێی رێکارە یاسایی و رێکخراوەییە پەسەندکراوەکان”.
هەروەها بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستەکە جەخت لە بەردەوامبوونی دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێکارە یاسایییە پێویستەکان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی شایستە دارایییەکان و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە لەسەر پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە دادوەرییەکان و ڕێکخستنی کەرتی پەیوەندییەکان بە شێوازێک کە بەرژەوەندیی گشتی مسۆگەر بکات.
ئەو کێشەیەی بووەتە گرێکوێرە
له 20.8.2026 هێزێکی ئەمنی ئۆفیس و نووسینگەکانی کۆڕەکیان لە بەغدا داخست، بههۆی ئهو كێشانهی كۆمپانیاكه لهگهڵ دهستهی راگهیاندن و گەیاندنی عێراق ههیهتی و تا ئێستاش چارهسهر نهكراوه.
هاوکات جگە لە هەرێمی کوردستان، سیمكارتی كۆمپانیاكه بە فەرمی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق راگیراوە و ئۆفیسەکانی داخراون.
بڕیارهكه لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق به پشتبهستن به بڕیاری دادگا دراوه، ئهمهش بههۆی بوونی کێشە یاسایی و داراییەکان و نەدانەوەی قەرز و شایستە داراییهكان، كه دهستهكه دهڵێت لهسهر كۆمپانیای كۆڕهكه، لە بەرامبەردا کۆڕەک تێلیکۆم بڕیارەکەی بە نایاسایی وەسف کردووە.
كێشهی كۆڕهک و دهستهی راگهیاندن و پهیوهندییهكانی عێراق له ساڵی 2007هوه بهردهوامه.