کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی:
“داوامان کردووە بڕی کاتژمێری کارەبای مۆلیدە دیاری بکەن”
شۆڕش قادری
کۆمەڵە مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، داوایان کردووە بڕی کاتژمێری کارەبای مۆلیدە دیاری بکەن.
کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لە پەیجەکەی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە کە وەک خاوەن مۆلیدەکان داوایان کردووە بڕی چەند سەعات پێویستە مۆلیدە ئیش بکات، بۆیان دیاری بکەن، ئەوان وتوویانە بۆ نمونە ئەگەر 100 سەعاتە، بۆیان دیاری بکەن با بڕی بڕینەکە دیاریکراو بێ و خاوەن مۆلیدەکانیش بەقەد بڕینی سەعاتەکان گاز بکڕن.
وەک خۆیان دەڵێن، نایانەوێ مۆلیدەکان ببنە هۆکاری ساغکردنەوەی گازی بازاڕ کە لە ئێستادا نرخی گاز زۆر گرانە.
دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، شەوی رابردوو هاوڵاتیانی زۆربەی شارەکانی کوردستان لەبەر چرا و لامپا دانیشتن، لە هەولێری پایتەخت مۆلیدەکان هەڵکرانەوە بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە سلفیان لێ نەدا.
لە سلێمانی خاوەن مۆلیدەکان لەگەڵ قایمقام دوو سەعات دانیشتن بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن و خاوەن مۆلیدەکان وتیان تا غازی پێویستیان بۆ دابین نەکرێت، ئیش بە مۆلیدەکانیان ناکەن.