شایەتحاڵێک باسی ساتی دروستبوونی لافاوەکە دەکات

“گەنجەکەی سێبەردان هاوڕێکەی رزگار کرد بەڵام خۆی خنکا”

رێباز یونس – هەولێر

گەنجێکی دانیشتووی گەڕەکی سێبەردانی هەولێر باسی ساتی دروستبوونی لافاوەکە دەکات و دەڵێت، فریای ژنێک کەوتووە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا رزگاری کردووە.

محەمەد بێستون ئاگای لەو گەنجەش بووە کە بەهانای کەسێکەوە چووە و خۆی خنکاوە، ئەو بە 964ـی وت، “گەنجەکە ناوی محەمەدە، کەسێک تەلەفۆنی بۆکرد وتی فریام بکەوە، چوو ئەوی دەرهێنایەوە بەڵام خۆی خنکا و گیانی لەدەستدا”.

دەشڵێت، “جامی ئۆتۆمبێلێکم شکاند و ژنێکم هێنایەدەر، پەنجەشەم بەوە برینداربوو”.

وەک خۆی دەڵێت، لەو کاتەدا تەلەفۆنی بۆ زۆر شوێنان کردووە بەهانایای گەڕەکەکەوە بچن، بەڵام بێسوود بووە.

ئێوارەی دوێنێ و دوای هاتنی شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە، لافاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر دروستبوو، جگە لە زیانە ماددییەکان، لە گەڕەکی هەولێری نوێ منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەناو ئۆتۆمبێلەکەی باوکی خنکا و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەیان دۆزییەوە، لە گەڕەکی سێ بەردانیش سایەقی شۆفڵێک کە بە هانای خەڵکەوە چووبوو، خنکا و گیانی لەدەستدا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری