"دەرگامان بەڕووی غەریبەکان لەسەرپشتە"

هەڵەبجەییەکان میوانداری ئەو کەسانە دەکەن چوونەتە فێستیڤاڵی هەنار

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

هەڵەبجەییەکان لە میواندۆستیدا بەناوبانگن و هەموو ئەو کەسانەی چوونەتە فێستیڤاڵی هەنار، ئەمشەو دەتوانن بمێننەوە و دەرگای هەڵەبجەییەکان بۆیان لەسەر پشتە.

محەمەد حەمەسەعید دانیشتووی ‌‌هەڵەبجەیە و هەر لە دوێنێوە پۆستێکی لە فەیسبووک داناوە و نووسیویەتی، “دەرگای من واڵایە بەڕووی میوانان و وەرن بە بەیەکترناسینمان گەشتەکەتان جوانتر بکەین”، ئەو ئەمڕۆ لە ناو فێستیڤاڵەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەڵوێستەکەی من گشتییە و هەڵوێستی تاک بەتاکی هەڵەبجییەکانە، دەتوانم بەناوی هەموویانەوە ئەوە بڵێم کە خۆشحاڵین میوانێک تەقە لە دەرگامان بدات و بێتە ماڵەوە”.

وەک دەڵێت، ئەم نەریتە هەر لە کۆنەوە و لە باوباپیرانیان بۆیان ماوەتەوە کە دوای نوێژی مزگەوت، ماونەتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر غەریبەیەک لەوێ بێ بیبەنە ماڵەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری