ئەمرۆ و سبەى
کەشەکە تەواو پایزییە و ئەگەرى نمەباران هەیە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما کەمێک روو لە دابەزین دەکەن و سبەی لە هەندێک ناوچە ئەگەری نمەباران هەیە.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی پەڵە هەور بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک نزمتر دەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، سبەی یەکشەممە ئاسمان لەنێوان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارەشدا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری هەرێم و بەشێک لە پارێزگای دهۆک ئەگەری بارینی نمەبارانێکی کەم هەیە، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 28 پلە
سلێمانی: 27 پلە
دهۆک: 28 پلە
هەڵەبجە: 29 پلە
زاخۆ: 28 پلە
گەرمیان: 33 پلە (بەرزترین پلە)
حاجی ئۆمەران: 19 پلە (نزمترین پلە)