"موشتاقی کتابی ئایینیم"
دۆلار کتێبیشی گران کرد و پێشانگای نێودەوڵەتی چۆڵی پێوەدیارە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دووەم رۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبە لە هەولێر و مامۆستایەکی ئایینیش دەڵێت، لەبەر ئەوەی کتێبەکان گرانن، پێشانگاکە چۆڵی پێوە دیارە.
سەڵاحەدین عەزیز وتاربێژ و مامۆستای ئایینییە و بۆ کڕینی چووەتە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، ئەو دەڵێت، “کتابەکانی دیکەش دەخوێننمەوە بەڵام هەردەم موشتاقی کتابی ئایینیم، چونکە مێشکی ئینسان ئاودەدات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کتێبەکان گرانن و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەشی پێشانگاکە دروستکردووە و چۆڵی پێوە دیارە.
“کتێبێک کە پار بە پێنج هەزار دینار بوو، ئێستا بە 18 هەزار دینارە و کە گرانیش بوو، جارێکی دیکە هەرزانی ناکەنەوە”، مامۆستا سەڵاحەدین وادەڵێت.
وەک باسی دەکات، کە پرسیار دەکەی بۆچی واگرانبووە، یەکسەر دەڵێن دۆلار گرانە.
ئەمرۆ دووەمین رۆژی 18ـیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبە لە هەولێر کە بە بەشداری 400 ناوەندی چاپ و پەخش لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی 31ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری