بە ئیمزای ئاوات شێخ جەناب
“لیستی مووچەی مانگی 10 رەوانەی بەغدا کرا”
شۆڕش قادری
بە ئیمزای ئاوات شێخ جەناب، لیستی مووچەی مانگی 10ـی موچەخۆرانی کوردستان و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی 9 رەوانەی بەغدا کرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 21.10.2026 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی شاری بەغدا کراوە و سبەی پێنجشەممە بەفەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە روانگەی ئەوەی پرسی مووچە بابەتێکی نیشتیمانییە و بەمەبەستی دروست نەبوونی هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چین و توێژە جیاوازەکان، ئاوات شێخ جەناب واژۆی لەسەر لیستی مووچە کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە 29ـی مانگی رابردووەوە ئاوات شێخ جەناب واژۆی لەسەر هیچ نووسراوێک نەکردووە و سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە رایگەیاندووە.
ئاوات شێخ جەناب داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داواکەی پەسەند نەکردووە.