خەڵک داوای گۆڕانکاری دەکەن
شەقامەکانی فەڕەنسا لە گڕی ناڕەزایەتیدا؛ دەنگی خەڵک بەرز دەبێتەوە
ئەحمەد مستەفا
خۆپیشاندانەکان لە فەڕەنسا کە لە ناڕەزایەتی قوتابخانەکان سەریهەڵدا، فراوان بووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە گرانیی ژیان، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، کەمبوونەوەی توانای کڕین و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
خوێندکاران، کرێکاران، کشتوکاڵکاران و لایەنگرانی بزوتنەوەی “جلی زەرد” بەشدارن تێیدا.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا، نزیکەی 550,000 کەس بەشدارییان کردووە، لە کاتێکدا رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان ژمارەکە بە 800,000 کەس خەمڵاندووە. لە پاریس بە تەنیا نزیکەی 110,000 کەس کۆبوونەتەوە و خۆپیشاندان لە زیاتر لە 100 شوێن بەڕێوەچووە.
زیانەکان و پێکدادانەکان
لە پاریس، لیۆن، مارسی، نیس و لیمۆژ، هەندێک گروپ بەشداربوونیان لە پێکدادان و تێکدانی شوێنە گشتییەکاندا هەبووە، ئۆتۆمبێل و کەرەستەی گشتی ئاگریان تێبەردراوە، دوکانەکان تاڵان کراون و پەنجەرە و بیناکانی دامەزراوە حکومییەکان زیانیان پێگەیشتووە، لە لیمۆژ بینای شارەوانی ئاگری گرتووە.
لە راپۆرتە سەرەتاییەکاندا ژمارەی دەستگیرکراوان جیاواز بووە، بەڵام هەندێک راپۆرتی نوێتر باس لە زیاتر لە 1,200 دەستگیرکراو و برینداربوونی لانیکەم 150 پۆلیس دەکەن، ژمارەی کۆی بریندارانی خۆپیشاندەران و زیانی دارایی بە شێوەیەکی یەکگرتوو پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەم خۆپیشاندانانە فشارێکی زیاتر لەسەر حکومەت دروست کردووە. بەڵام هێشتا نیشانەیەکی دڵنیای نییە کە ئەم ناڕەزایەتییانە ببنە هۆی رووخانی حکومەت یان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی سیاسی.