رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێم
رێبەر ئەحمەد:
ئەوانەى دەڵێن داعش تەواو بووە من دەڵێم هەڵەن
وریا فەتاح
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی توند لە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی چەکداریی داعش دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەوانەی پێیان وایە داعش کۆتایی هاتووە لە هەڵەدان، چونکە زەمینەی عێراق بەتەواوی لەبارە بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە لە جاران بەهێزتر بگەڕێتەوە.
لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی “دیداری مێری” کە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، وەزیری ناوخۆی هەرێم تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنیی عێراق و مەترسییەکانی تیرۆر.
رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، زۆرێک دەڵێن هەڕەشەی داعش وەک پێشتر نییە، ئەوە راستە، بەڵام دەکرێت داعش لە ساڵی 2014 بەهێزتر بێتەوە و سەرهەڵبداتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە زەمینەسازی و ژینگەی ئێستای عێراق لەبارە بۆ گەشەکردنەوەی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و رێکخراوانە، بۆیە هەرکەسێک بڵێت داعش تەواو بووە، وتەیەکی هەڵەیە.
وەزیری ناوخۆ باسی لە گرنگیی مانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد و روونیکردەوە، چوونەدەرەوەی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهێنان نییە بەو پەیوەندییانەی لەگەڵیاندا هەیە. وتیشی: “هێشتا عێراق لە رووی ئەمنییەوە پێویستی بە هاوپەیمانانە و دەکرێت کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ئاسایشی عێراق هەبێت، ناتوانین عێراق بەدوور بگرین لە ئاڵوگۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.”
ئاشکراشی کرد کە نیازیان وایە لە داهاتوودا لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دروست بکەن بۆ بەردەوامیدان بە هەماهەنگییە ئەمنییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەر ئەحمەد بەراوردێکی لە نێوان مەترسییەکانی تیرۆر و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا کرد و هۆشداری دا لەوەی کە لە ئێستادا “کاریگەری و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە تیرۆر زیاترە.”