کەمینەیەک نەبێت

سەرەڕای بەئەلیکترۆنیبوونی موچە، هاووڵاتیان هەر بە “کاش” شت دەکڕن


رازاو محەمەد- سلێمانى

هەرچەندە لە ئێستادا بەشێکی زۆری مووچەخۆران پرۆسەی وەرگرتنی مووچەکانیان بووەتە ئەلیکترۆنی و لە رێگەی ئامێرەکانی (ATM)ـەوە پارەکانیان رادەکێشن، بەڵام هێشتا کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە پارەی کاش دەبەستێت.
میران تەیب، کە خاوەنی دوکانێکی فرۆشتنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانە،  ماوەی سێ ساڵە ئامێرێکی پارەدانی ئەلیکترۆنی (POS)ی لە دوکانەکەی داناوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە رێگەی کارتەوە پارە بدەن، بەڵام خواست لەسەری زۆر کەمە.
وەک ئەوەى میران بە 964ـى وت،”خەڵک هێشتا هەر بە کاش کاڵاکان دەکڕن، پێدەچێت کۆمەڵگە جارێ نەگەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی مامەڵەی دارایی رۆژانەیان بکەن.”
لە لایەکی دیکەوە، د. کامەران قادر، پسپۆڕی دارایی و بانکی، بە 964ـى وت،”پێویستە حکومەت فشار بخاتە سەر بانکەکان بۆ ئەوەی ئامێری خاڵی فرۆشتن (POS) بۆ سەرجەم فرۆشگاکان دابین بکەن، تاوەکو ژێرخانی ئەم پرۆسەیە لە بازاڕدا ئامادە بێت.”
ئەو شارەزایەی بواری بانکی جەختی لە گرنگیی هۆشیاریی کۆمەڵگاش کردەوە و باسى لەوەکرد کە گرنگە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ هاووڵاتیان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای دابەزینی مووچەکانیان سەرجەم پارەکەیان بە کاش رانەکێشن، بەڵکو لە رێگەی کارتە ئەلیکترۆنییەکانیانەوە مامەڵە و کڕینەکانیان لە بازاڕدا ئەنجام بدەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح