هەولێر

ئیلهام ئەحمەد لە دیداری مێری: مافەکانی کورد لە سووریا لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ نەکراون

وریا فەتاح

ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، رایدەگەیەنێت کە ئەوەی کورد لە سووریا بەدەستی هێناوە دەستکەوتێکی مێژووییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی میکانیزمی پێویستەوە، تا ئێستا مافەکان لەسەر ئەرزی واقیع وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون.

لە میانەی بەشداریکردنی لە پاناڵەکانی “دیداری مێری” کە لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێا، ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستە سەر رەوشی کورد لە سووریا و قۆناغی دوای شۆڕش و وتی، “ئەوەی کورد لە سووریا بەدەستی هێناوە دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی سووریادا دان بە زمان، خوێندن و کولتووری کوردیدا دەنرێت.”

سەرباری ئەو پێشکەوتنانە، ئیلهام ئەحمەد رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مافانە گرت و روونی کردەوە کە ئەو مافانەی کورد بەدەستی هێناون، لەسەر ئەرزی واقیع وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون.

“تا ئێستا میکانیزمێکی باش و روون نییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان، هەر ئەمەش وایکردووە کە ئاڵۆزی، تێکەڵاویی و لێڵی لە پرۆسەکەدا دروست ببێت”، ئیلهام ئەحمەد واى وت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەی خستە ئەستۆی حکومەت و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەرپرسیارە لە دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئەوەی بڕیارەکان بە دروستی جێبەجێ بکرێن.