"خەسارێکی گەورە بوو و شوێنەکەی پڕناکرێتەوە"

بۆ چلەی هێمن لەتیفی شاعیر لەسەر گۆڕەکەی کۆبوونەوە

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

دوای چل رۆژ لە گیانلەدەستدانی هێمن لەتیف، شاعیرە بەسۆز و هەست ناسکەکەی هەڵەبجە، ئەمڕۆ هاوڕێ، کەسوکار و کاربەدەستانی شار لەسەر گۆڕەکەی کۆبوونەوە.

لە مەراسیمەکەدا چەند بڕگە و بابەتێک لە وێستگە جیاوازەکانی شاعیر خرایەڕوو و چەند شیعر و پەخشانێکیش خوێنرانەوە.

سەریاس جوانڕۆیی هاوڕێی شاعیر بە 964ـی وت، “دوای خۆی کەس ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، چونکە هێمن بۆ خۆی شیعری دەوت و ئەوەی دەیوت ناخی خۆی بوو، لەسەر داواکاری هیچ کەسێک شعری نەدەوت و راستگۆ بوو لەگەڵ ناخی خۆیدا”.

هیواشی خواست بتوانن یاد و یادەوەرییەکانی بە زیندوویی بهێڵنەوە، ئاوڕی زیاتر لە شیعرەکانی بدەنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەن.

ئیبراهیم هەورامانی، خاڵ و هاوڕێی هێمنی شاعریش بە دڵێکی پڕەوە دەڵێت، “هێمن نەک تەنیا بۆ ئێمە، بۆ هەمووان خەسارەتێکی گەورە بوو، لەو تەمەنە کەمەی کە لەناوماندا بوو  جێدەستی دیاربوو و توانی جێی خۆی بکاتەوە”.

شەوی 28 لەسەر 29ـی مانگی 8 هێمن لەتیفی شاعیر لە تەمەنی 46 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

هێمن لەتیف ساڵی 1980 لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە و فەرمانبەر بووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و لە ساڵی 1999 بەدوا دەستی بە نووسینی هۆنراوە کردووە و لە گۆڤار و بڵاوکراوە جیاوازەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە.

بەشێک لە هۆنراوەکانی لەلایەن چەندین هونەرمەندی دیارەوە کراون بە گۆرانی، لەوانە: هۆشیار حەمەفەرەج، سامان عومەر، هەڵوێست محەممەد، هونەر محەممەد، بەرهەم جەلال و شاخەوان حەمەڕەزا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری