مەسرور بارزانی:

“هیچ هۆکارێک بۆ پێکنەهێنانی حکومەت نییە”

کاکەلاو عەبدوڵا

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا لەبارەی پێکهێنانی حکومەت رایگەیاند، “هیچ هۆکارێک نییە دوای دوو ساڵ پەرلەمان کارا نەبێت و حکومەت پێکنەهێنرێت، ئەمە تەنیا لە بەرژەوەندی یەک لایەنە.”

لە 31ـەمین خولی دەرچوانی زانکۆی دهۆک مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و باسی پێکهێنانی حکومەت، کشانەوەی هاوپەیمانان و پەیوەندی هەرێمی لەگەڵ بەغدا کرد.

لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆک وەزیرانی هەرێم وتی: ئێمە بۆ پێکهێنانی حکومەت لە حەقی خۆمان خۆشبووین و حەقی لایەنەکانمان بە زیادەوە داوە، خەڵکی کوردستان نابێت قبووڵی بکەن یاری بە چارەنووسیان بکرێت، واز لە دەستکەوتی شەخسی بهێنن و بیر لە میلـلەتی خۆتان بکەنەوە چونکە ئارامی ئێمەش سنوورێکی هەیە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە کشانەوەی هاوپەیمانان دا و رایگەیاند، کشانەوەیان مانای ئەوە نییە “پەیوەندیمان لەگەڵیان نەمابێت بەڵکو پەیوەندییەکە سروشت و شێوازێکی دیکەی وەرگرتووە، کوردستان هێشتا پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە.”

مەسرور بارزانی باسی لە مەترسی کشانەوەی هیزەکانی هاوپەیمانان کرد و وتی، “کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە کە ئەویش پێشمەرگەیە. کاتی شەڕی داعش راستە هاوپەیمانان یارمەتی زۆریان داین، بەڵام قارەمانی سەرەکی تێکشکانی داعش پێشمەرگە بوو، بۆیە کوردستان نابێتە پاروویەکی ئاسان دوای رۆشتنی هاوپەیمانان و لەسەر دەستی پێشمەرگە پارێزراوە و هەر لەسەر دەستی ئەوانیش ئاوەدان دەبێتەوە.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێم قسەی لەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق کرد و رایگەیاند، پەیوەندی ئێمە بەرەو چارەسەرکردن و باشتربوون دەڕوات و پشتیوانی خۆمان بۆ حکومەتی نوێ دەربڕیووە، مەرجی ئێمە جێبەجێکردنی دەستوور و مافی خەڵک کوردستانە.