"بەشی دراوسێکان و هاوڵاتیانیش دەدەین"

خورماڵ هەر هەنار و گوێز نا خورماش بەرهەمدێنێ

ئەمەل ناجی – خورماڵ

پێشتر کە ناوی خورماڵ و هەڵەبجە دەهات، یەکسەر هەنار و گوێز و هەنجیرمان بیردەکەوتەوە، بەڵام ئێستا لە گوندێکی خورماڵ، ماڵێک لەبەردەم ماڵەکەیاندا سێ دار خورمایان چاندووە و خورمایەکی زەرد و شیرین و بەتامیان لێ بەردێت.

مستەفا تاهیر دانیشتووی گوندی دێکۆنـە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “15 ساڵ دەبێت نەمامەکانمان چاندووە، نەماندەزانی بەردەگرن، وردە وردە خزمەتمان کردن و خوێ و ئاسنمان کردە بنیان،  وا پێنج ساڵە بەریان گرتووە و ساڵی 50 بۆ 100 کیلۆ خورمایان هەبووە، ئەمساڵ زۆر باشن و 150 کیلۆ بەریان گرتووە”.

“خورماکانمان بۆ فرۆشتن نییە و هەر بۆ خۆمان و دراوسێکانە و هەر کەسێکیش بێت، بەشی خۆی بەدیاری پێدەدەین”، مستەفا تاهیر وادەڵێت.

دەشڵێت، ئەمساڵ لە خانەقین شەش بنی دیکەی هێناوە و بەتەمان وردە وردە زیادیان بکەن و بۆ خزمەتکردنیشیان، پرس و راوێژ بە چەند دۆستێکی عەرەب دەکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری