لە کۆیە

کەمپی ئازادیی حزبی دیموکرات بە درۆنێک کرایە ئامانج

شۆڕش قادری

کەمپی ئازادیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بە درۆنێک کرایە ئامانج و ئەمەش دووەمین هێرشە کە لەم هەفتەیەدا دەکرێتە سەر کەمپەکە.

ماڵپەڕی کورد کەناڵی سەربە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، “کەمێک پێش ئێستا، کەمپی ئازادی بە درۆنێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرایە ئامانج”.

دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی  هێرشەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەمین شەپۆلی هیرشی درۆنییە بۆ سەر کەمپەکانی حزبی دیموکرات و دوو رۆژ لەمەوبەریش بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی.

کەمپی ئازادی لە نزیک شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

بەپێی ئامارەکانی خۆیان، لە ماوەی شەڕی نێوان ئێران و  ئەمریکا- ئیسرائیل، ئێران بە زیاتر لە 164 موشەک و درۆن بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی بە ئامانج گرتووە.