دوو ملیۆن تۆن سووتەمەنی گواستراوەتەوە

نەوت پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق نوێ دەکاتەوە

ئەحمەد مستەفا

لە کاتێکدا ناوچەکە رووبەڕووی گۆڕانکارییە ئابووری و ئاسایشییەکانە، بەغدا و دیمەشق هەنگاوێکی نوێ بۆ نزیکبوونەوە دەگرن، ئەمجارە نەک لە دەروازەی ئاسایش، بەڵکو لە رێگەی نەوت و وزەوە.

عێراق بۆ دۆزینەوەی رێگای جێگرەوەی گواستنەوەی سووتەمەنی، رووی کردووەتە خاکی سوریا.

لە ئەنجامی ئەم هەنگاوەدا، زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن سووتەمەنی عێراق بە تانکەر لە رێگەی سوریاوە گواستراوەتەوە، کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات زیاتر دەکات.

رێبوار محەمەد، پسپۆڕ لە گرێبەستی نەوت و غاز بە 964ی وت، جگە لەوە ئێستا خواستەکان بۆ ئەوەیە و باس لە ژیاندنەوەی هێڵی نەوتی کەرکوک–بانیاس دەکرێت، هێڵێک کە ئەگەر نوژەن بکرێتەوە، توانای گواستنەوەی تا دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە.

بەم شێوەیە، وزە دەکرێتە پردێک بۆ هاوکاریی ئابووری و گواستنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و دیمەشق بۆ قۆناغێکی نوێ، هەروەک ئەو پسپۆڕە وتی، بەڵام بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە پێویستی بە گرێبەست و دامەزراوەی بەهێز هەیە.