"ئەمڕۆ درەنگ لیستەکەمان بەدەست گەیشت"
خانەنشینانی مەدەنی کۆیە سبەی موچەکەیان دەخەنە باخەڵ
دەریا ئەحمەد – کۆیە
نزیکەی 800 خانەنشینی مەدەنی کە هێشتا ناویان لە “هەژماری من” تۆمار نەکراوە و لە بانکی باواجی کۆیە موچە وەردەگرن، ئەمڕۆ موچەیان پێ نەدرا و سبەی باخەڵیان گەرم دەبێتەوە.
لوقمان نەریمان بەڕێوەبەری بانکی باواجی لە کۆیە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ سێشەممە 15.9.2026 موچەی خانەنشینانی مەدەنی و پێشمەرگەشمان بەدەست گەیشت و موچەی خانەنشینانی پێشمەرگەمان دابەشکرد، بەڵام بەهۆی نەهاتنی لیستی موچەکانیان نەمانتوانی موچەی خانەنشینانی مەدەنی دابەش بکەین”.
“دوای کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆ لیستی موچەی خانەنشینانی مەدەنی گەیشتە بانکەکەمان، تا لە بانک وردبینی پێویستی بۆ کرا، گەیشتە کاتژمێر 5ـی ئێوارە، بۆیە فریانەکەوتین ئەمڕۆ موچەیان پێبدەین”، لوقمان نەریمان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئامادەکارییەک لە بانکەکەمان کراوە و سبەی موچەی تەواوی خانەنشینانی مەدەنی دابەش دەکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری