"لە خۆشەویستى بۆ هاوسەرەکەى وێنەى نەبوو"

قوبادى جەلیلزادە: لەتیف هەڵمەت پێى وتم “ماڵم وێران بوو”


ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

قوبادی جەلیلزادە، شاعیری ناسراوی کورد، باس لە دۆخی خەمگینی لەتیف هەڵمەت دەکات لە دوای گیانلەدەستدانی هاوژینەکەی و دەڵێت، کاتێک بۆ پرسەکەی چووم پێی وتم “ماڵم وێران بوو”. دەشڵێت: کەم کەس هەیە وەک لەتیف هەڵمەت هاوژینەکەى خۆشبووێت.

قوبادی جەلیلزادە، کە خۆی وەک قوتابیی لەتیف هەڵمەت دەناسێنێت، لەبارەى کۆچی دوایی هاوژینی ئەو شاعیرە گەورەیەوە بە 964ـى وت: “هیچ پیاوێکم نەدیوە هێندەی لەتیف هەڵمەت هاوژینەکەی خۆشبووێت، لە ماوەی 16 ساڵی نەخۆشکەوتنی خێزانەکەیدا، خۆی خزمەتی دەکرد و نان و چایی بۆ دروست دەکرد.”

ئەو شاعیرە باسی لە ساتی بینینی مامۆستاکەی کرد لە پرسەکەدا و وتی، “کاتێک چوومە ژوورەوە و سەرەخۆشیم لێکرد، بە خەمێکی قووڵەوە پێی وتم: ماڵم وێران بوو.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوبادی جەلیلزادە نیگەرانیی خۆی لە ئامادەنەبوونی پێویستی خەڵک لە پرسەی هاوژینی ئەو شاعیرە گەورەیە دەربڕی و بە رەخنەوە وتی: “ئەگەر ئەمە پرسەی پوور یان نەنکی بەرپرسێک بوایە، ئێستا لە دەرەوەش جێگا نەدەبوو بۆ دانیشتن، ئەوەش دەریدەخات کە کۆمەڵگەی ئێمە چەندە خەمساردە بەرامبەر نووسەران و شاعیرەکانى.”

“گەورەترین خەمی من ئێستا ئەوەیە، بەهۆی لەدەستدانی خێزانەکەیەوە لەتیف هەڵمەت تەنیا بکەوێت و چیتر نەچێتەوە بەلای شیعر و پێنووسدا” قوبادى جەلیلزادە واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح