10 جار نۆژەنکراوەتەوە
پردەی سەر رێگای پشتێنەیی خورماتوو راست نابێتەوە و شۆفێرانی نیگەران کردووە
سیروان خورشید – خورماتوو
هێشتا وەرزی زستان نەهاتووە، کەچی شۆفێرانی بارهەڵگری هێڵی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، نیگەرانن لەبارەی دۆخی رێگای پشتێنەیی خورماتوو کە ساڵانە لە وەرزی زستاندا دوچاری کێشەی داخران دەبێتەوە.
پردی سەرەکیی ئەم رێگایە پێشتر بەهۆی لافاوەوە رووخابوو، سەرەڕای چەندین جار نۆژەن کردنەوە بەڵام بەرگەی بچووکترین لافاو ناگرێت و دەستبەجێ تێکدەشکێت و تەنیا لە ساڵی رابردوودا رێگاکە زیاتر لە 10 جار نۆژەن کرایەوە بەڵام بێ سوود بووە.
عەبدوڵا مستەفا شۆفێری بارهەڵگری هێڵی نێوان بەسرە – سلێمانی بە 964ـی وت، داواکارن پێش هاتنی وەرزی زستان و باران چارەسەرێکی ریشەیی و تۆکمە بۆ ئەم رێگایە بدۆزرێتەوە، چونکە نایانەوێت وەک ساڵانی رابردوو تووشی پەککەوتنی کارەکانیان ببن، بەتایبەت کە ئەمە تاکە رێگای سەرەکییە بۆ تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان.
964 پەیوەندی بە هیوا غالب، بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتووە کرد وتی، چەندین جارە نوسراویان ئاڕاستەی بەغدا کردووە، بەڵام بێ سوود بووە و پێیان وتوون بەهۆی نەبونی سویلەوە ناتوانن پارەیان بۆ خەرج بکەن.
بەڕێوەبەری شارەوانی وتیشی، ئەگەر بەغدا هاوکاریان نەبێت ئەوا ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەیەکەم لافاو رێگاکه ئاو دەیبات و دادەخرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی