فێستیڤاڵی کاڵەکی زەڵێ بەڕێوەدەچێ
دوو هاوژین تێستی کاڵەکیان کردووە و دەڵێن: شایەنی وەسفەکە بوو
ئەحمەد محەمەد – شارباژێڕ
دوو هاوژین بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی كاڵەك چوونەتە دەشتی زەڵێی شارباژێڕ، پیاوی ماڵ لە سەركارەوە هاتووە و دەڵێ، فریای لەبەرکردنی جلی کوردی نەكەوتووە و بۆ ئەوەی فریابکەون، زوو خۆیان گەیاندووەتە فێستیڤاڵەکە.
هاوژینەکەی خان و مان خۆی رەزاندووەتەوە بە جلی کوردییەوە و پێی دەڵێ، “بۆ رۆژێكی تر ئەیهێنمەوە و جلی كوردی پێ لەبەر ئەكەم”.
لەوێ خواردنی کوردەواری و بەرهەمی کشتوکاڵی جیاواز دانراون، بەڵام چاوی سەرەکی زیاتر لەسەر کاڵەکە و ئەو دوو هاوژینەش دەڵێن، شایەنی ئەو وەسفە بووە کە باسکراوە.
ساڵانە لە ناوچەکە فێستیڤاڵی کاڵەک رێکدەخرێت بۆ نمایشکردنی جۆرە جیاوازەکانی کاڵەکی کوردی و ناساندنی بە بەشداریی هاوڵاتییان و گەشتیاران، وا دوو رۆژە هەمان فێستیڤاڵ لە ناوچەکە دەستی پێکردووە.
پێشتر، مەعاز رەزا، جوتیار لە دەشتی زەڵێ بە 964ی وت، ئەمساڵ چەندین جۆری کاڵەک بەرهەم هێنراوە و خۆشم ساڵانە تۆوەکەیان دەگرمەوە، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕی بوونی کاڵەکی جیاواز فرۆشی زۆر نییە.
کاڵەکی زەڵێ، یەکێکە لە بەناوبانگترین و خۆشترین کاڵەکەکانی کوردستان کە لە دەشتی زەڵێ-ی شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەچێنرێت و بە تام و بۆنی تایبەتی خۆی ناسراوە.
تایبەتمەندییەکانی کاڵەکی زەڵێ؛
جۆری چاندن: بە شێوەی دێم دەچێنرێت، پشت بە ئاوی باران دەبەستێت و ئەمەش هۆکارە بۆ تام و شیرینییە تایبەتەکەی.
کاتی چاندن و پێگەیشتن: لە مانگی پێنج دەچێنرێت و لە مانگەکانی حەوت و هەشتدا پێدەگات و بازاڕی دەگەرمێت.
رووبەری کشتوکاڵی: هەموو ساڵێک زیاتر لە 100دۆنم زەوی لە دەشتی زەڵێ بۆ چاندنی ئەم کاڵەکە تەرخان دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا