چیرۆکی سەرکەوتنی سایە حسێن

لە خولی دووەم 99ـی هێنا و پۆلی 12ـی تەواو کرد

میلاد جەلال – گەرمیان

سایە حسێن، کچە قوتابییەکی گەرمیانە و لە خولی یەکەمدا بەهۆی بارودۆخی دەروونییەوە چوار وانەی هێشتبووەوە، توانی لە خولی دووەمدا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت و بە کۆنمرەی 692 کۆتایی بە قۆناغی پۆلی 12 بهێنێت.

سایە قسەی بۆ 964 کرد و وتی،  لە تاقیکردنەوەی زیندەزانیی خولی یەکەمدا هەندێ هەڵەی کردووە و ئەمەش کاریگەری هەبووە و نەیتوانیوە بەردەوام بێت، بۆیە چوار وانەی بۆ خولی دووەم هەڵگرتووە، بەڵام نائومێد نەبووە و بە کۆششێکی زۆر توانیویەتی ئەو نمرە بەرزە بەدەستبهێنێت کە خەونی پێوە بینیوە.

باسی لەوەشکرد، لە هەموو قۆناغەکانی پێشووی خوێندندا یەکەم بووە، ئامانجی سەرەکیی وەرگیرانە لە کۆلێژی پزیشکی و هانی هاوڕێکانیشی دەدات، کە کۆڵ نەدەن و بەردەوام بن لەسەر خەونەکانیان، چونکە وەک خۆی دەڵێت: “هیچ شتێک لای خودا مەحاڵ نییە” و ئێستا تەنیا چەند هەنگاوێکی کەم لە بوون بە پزیشکەوە دوورە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر