قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتری هێنا
بە یارمەتی هاوڕێکەی توانی لە خولی دووەم ببێتە یەکێک لە یەکەمەکانی هەولێر
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
یەکێک لە قوتابییەکانی دەرچووی پۆلی 12 لە هەولێر توانی لە خولی دووەم ببێتە یەکێک لە یەکەمەکان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، بە یارمەتی هاوڕێکەی ئەو نمرەیەی هێناوە کە خۆی 98ـی بەدەستهێنابوو.
ئەگەر بیرتان بێ، محەمەد عەدنان ئەو قوتابییە بوو کە لەناوچەی پیشەسازی هەولێر رۆژانە یارمەتی باوکی دەدا و شەوانیش بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەیخوێند، بەو حاڵەشەوە توانی کۆنمرەی 98 بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکێک لە یەکەمەکانی هەولێر.
دواتر بۆ خولی دووەم بوو بە مامۆستای ئەو قوتابیانەی کەوتوون و بەپێی توانا یارمەتی دان، یەکێک لەو قوتابیانە دانیار مەریوان بوو کە لە وانەی عەرەبیدا کەوتبوو و ئەمڕۆ کە ئەنجامەکان راگەیەنران، دەرکەوت لە عەرەبیدا 98ـی هێناوە و بەکۆنمرە 99.14 بووەتە یەکێک لە یەکەمەکانی پارێزگای هەولێر.
پەیامنێری 964 چووەتە لایان و گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ کردوون، گوێ لە ڤیدیۆکەی سەرەو بگرن و چێژی لێ وەربگرن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری