دیمەنی پیرەمەگرون - وێنە: 964
روونکردنەوە دەدەن
داواکاری ناحیەی پیرەمەگروون بۆ بەنزینی پاڵپشتی کراو رەتکراوەتەوە
ئەحمەد مستەفا
داواکاری بەڕێوەبەرایەتی ناحییەی پیرەمەگروون بۆ دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتی کراوی 750 دیناری رەتکراوەتەوە، ناحیەکە لە روونکردنەوەیەکدا دەیەوێ خەڵک بزانێ لەئاستی ناوەندی قەزاکان بەنزینەکە دابەشدەکرێ.
بەڵام ئەوان هەرچاویان لەوەیە، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکەیان لەبەرچاو بگیردرێت و بەنزینەکەیان پێ بدرێ و ئاستی ناحیەش وەک ئیدارەیەکی بچووکتر بگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 29.8.2026 ناحیەکە لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکیان بۆ 964 ناردووە دەڵێن، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی گرابوونی بەنزین لەسەر هاووڵاتیانی سنورەکەمان، وەک ئیدارەی ناحیەی پیرەمەگروون چەندین جار بە نووسراوی فەرمی داوامان لە سەرووی خۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دابەشکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتی کراو سنورەکەمان بگرێتەوە.
بەڵام وەڵامەکە ئەوەبووە کە دابەشکردنی بەنزین لەسەر ئاستی قەزاکان بەپێی ناوەندی قەزاکانە، بەڕێوەبەرایەتی ناحیە دەڵێت، بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانین دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتی کراو لە سنوری ناحیەکەمان بەردەست بێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ژمارەی دانیشتووان و فراوانی ناحییەکە لەبەرچاو بگرن.
بەنزینی پاڵپشتیکراو (حکومی) لە هەرێمی کوردستان، جۆرێکە لە بەنزین کە حکومەت بەشێک لە تێچووەکەی لەئەستۆ دەگرێت بۆ ئەوەی بە نرخێکی هەرزانتر بگاتە دەست هاوڵاتیان و بارگرانی داراییان کەم بکاتەوە.